18 May, 2016

2- پیاوێک لە پەڕەی گوڵ


    شێخ یەحیا بەرزنجى
هولير ،15.5.2016

تاریک و لێڵی بەر لە بەیان بوو، ڕاست بوومەوە بە نیازی ئەنجامدانى ئەرکى دەسپێکی ڕۆژێکی نوێ و هەڵقون و داقون و هاتوچۆی وەرزشباو بەناو خەیاڵو خەتەرەى باخچە ئاساکەمدا، کە چەندین گوڵی تێدا ژاکاوەو نەسیمی سوبحدەم کەمتر ڕووی تێدەکات. دەمویست ساتێکی بە خەیاڵ دڵخۆشکەر بگوزەرینم

بێئاگا دەستم برد بۆ ئایفۆنەکەو تیلى چاوم گێڕا بە هاتووەکاندا، ڤایبەر پێکەنى، بانگى کردم، نامەم پێیە!.

دیاربوو نامەیەکى کردبووە خەو کە لە بەرە بەیانى رۆژى شەممە ز، لە ئامێزی گرتبوو. گەشبوومەوە، کام فریشتەى بەختى ئاڵۆزمە14/5/2016 کە دەرگای رۆژى خۆشى و ئومێدى لێکردوومەتەوە، دڵم پڕبوو لە خۆشى، لە یادگارى جوان، تارمەو بەڵەکۆنەی خانوی گردى سەرچنارو ماڵی کاک (جەللى عومەرى سام ئاغا)، زەردەخەنەو هەستى ناسکى مرۆڤى گەورەو هەڵوێستى جوامێرانە لە رۆژگارە تاڵەکاندا

بەو دەروونە کەیلەوە وردە وردە تام و چێژى گەوهەرە وشەکانم دەکرد، نووسراوێک بە ناونیشانى ( پیاوێک لە پەڕەى گوڵ)، لە وڵتى غوربەتەوە، لە ئەمریکاوە، لە سەرچاوەى نەهامەتیەکانمانەوە،(محمد بەرزى) نوسیوێتى و لە بەرزى مرۆڤ دەدوێت، لەم رۆمانە بەکۆتانەهاتووەدا (جەللى عومەرى سام ئاغا)ى کردووە بە نموونەو بە پاڵەوانى ئەم داستانەو بەڕێزیشیان وەک جوانترین دیارى منى بەیاد کردووە.

نامەکە باس لە یاساى سروستى ژیان دەکات بۆ ئەم جەنگەلستانە، دەیەوێت پەیکەر بتاشێت بۆ ئەکتەرەکان و لە لوتکەی بڵندى کۆمەڵیەتیدا دایانبنێت، گیانە بەرزەفڕەکانیان بۆ داهاتوویەکى  دوور دوور لە مۆنۆمینتى نەوەى رۆژگارەکاندا دابنیت تا ببن بە زیارەتگاى هەمیشەیى بۆ جوانى بۆ خۆشەویستى بۆ مرۆڤ

ببورن دیارە هەموو ئاینە یەکتا پەرستەکان، هەموو مرۆڤە خاوەن بیرو خاوەن هەستە بەرزەکان سەرجەم دەقە پیرۆزەکان، لە بیرى چاک و کردارى چاک گوفتارى چاک دەدوین، تا مرۆڤ مرۆڤ بیت، ئەم هەمو دەق و یاساو عورف و عادەتە بۆ دارشتنى چوارچێوەى ژیانیکى ئاسودەى دادپەروەریە بۆ مرۆڤەکان، بەلم داخەکەم

لە راستیدا، پەیامەکەى حەزرەتى عیسا نامەکەى حەلج و حاجى قادرى کۆیی و ئەحمەدى خانى و قازى محمد، مارف بەرزنجى و عەلى بۆسکانى، وەک یەک ئاراستە خویندنەوەى بۆ دەکریت کە لە خزمەتى مرۆڤدان و کەچى زۆربەیان بە دارا کران

بۆیە نابیت نا ئومیدبن، نابێ بوەستن، دلنایابن بە داری سیدارەیشەوە لە ئاسمان نزیک دەبنەوەو لە هەمووان بەرزو بلندترن و هەمو باوەرو ئیمانی خۆپەرستان وا لەژیر پێى (حەلاج) دایە.

لە پیش چاومە دەیانەویت کەسە راست و دروست گوفتارەکان بخون لە ناویان بەرن، بەلم با دلنیا بن ئیسقانى ئەم مرۆڤە دانسقانە هەرس نابیت و لە گەرو و هەناوى نەفامە شەیداکانى دەسەڵت و دراودا دەبیت بە دەردیکى کوشندە

ئەم باسە بابەتێکى دێرینى بە یادم هێنایەوە (شێخ مستەفاى ئاموزام) گێڕایەوە گوتى

لە ساڵى1963ز دوای کودەتا شومەکەی هشتی شوبات کاتيک له  که رمياندا  باوى ڕاوەدونانى شیوعیەکان بو، دوو برا بوون بە ناوى (ئەحمەد عومەر قەساب و بەکر عومەر قەساب) دەستگیر دەکرێن، دەیانبەنە بنکەى (بنە بەراز) لە ناو جاف دواى ئەزیەتدانێکى زۆر داوایان لێدەکەن بەڵێن بدەن دەستبەردارى ئەو بیرو باوەڕە بن و زۆریان لێ دەکەن هەر بێسود دەبێت

بەرپرس توڕە دەبێت لەگەڵ جنێودانا دەڵێت: بەسیەتى یەک شیوعى نەماوە تەنها ئێوە هەردوکتان ماون بە قسەمان نەکەن خرابتان چاو پێدەکەوێت.

ئەحمەد کە برا گەورەکە بوو پێدەکەنێت.

بەرپرس توڕە دەبێت لە گەڵ جنێودان و ئاڵوزیدا دەڵێت: بەچى پێدەکەنى؟

ئەحمەد دەڵێت هەر کەس نەماوە ؟ . بەرپرس دەڵێت نەخێر!.

ئەحمەدى نەخوێندەوار و هەژار دەڵێت خوایە زۆر شوکر ئەلحەمدول جارێ وا لە ماڵى ئیمە ئەم دوو برایە ماوین لە خوا بەزیاد بێت زۆرین. ئەوەندەى تریان تێهەڵدەدەن.

جا برا هەرکەس بە دەردى خۆى و کوردەوارى گۆتەنى )دونیا خاڵى نییە(و خاوەن ویژدان و مرۆڤ دۆستەکان هەر دەمێنن.

 دڵخۆشم بە برسێتى، بە بێ ئیشى، بە لێنەپرسینەوەى هاوەڵن، بە لوت بەرزى چاوچنۆکان، بە چەپڵە ژەنى ماستاوچییەکان.
گومانم نییە ئەو پەیکەرەى خوازیار بوون بکرێت بۆ ئەوانگەلێک، دڵنیابن بۆ مەشخەڵ بەدەستە بیر دروستەکان دەکرێت و رەنگە زۆر لەو زەبەلحانە بەر ڕەخنەى توندى ڕۆژگار بکەون.

دەست خۆش کاک محمد بەرزى

سوپاس بۆ تۆى ئازیز کاک جەللى عومەرى سام ئاغا.

No comments:

Post a Comment